هانا: ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، (٣٠ ئوتی ٢٠٢٥) شەهرام حاتەمی کوڕی عسمەت، خێزاندار، خەڵکی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە هانا گەیشتووە، ناوبراو لە رێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤،لە لقی ٩ی دادگای شۆڕشی ورمێ ئاگاداری جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی پێگەیشتووە و ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.
ئەم شارۆمەندە کوردە لە رێکەوتی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ورمێ بە ٢ ساڵ زیندانی تەعلیقی، ٢ ساڵ بێبەش کران لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها دەستبەسەرداگیرانی مۆبایلەکەی وەک ئەبزاری تاوان سزا دراوە و سزاکە لە رێکەوتی ٣ی پوشپەڕی ١٤٠٤، لە لایەن لقی ٢٣ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ورمێ بۆ شەش مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری کەمکراوەتەوە.
شایانی باسە شەهرام حاتەمی پێشتر لە رێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە ماڵەکەی لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کۆتایی ئازاد کرابوو.
هەروەها ئەم شارۆمەندە، لە رێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام، رێکلامکردن بۆ لابردنی حیجاب، هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان و بێڕێزی بە نەتەوەکان” بۆ لقی شەشەمی لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ بانگ کرا و تۆمەتەکانی بۆ ڕوون کرایەوە.