بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوی ١٤٠٤، شارۆمەندێک بە ناوی “سەیفوڵڵا خان غەفاری” بە هۆی خوێندنەوەی شیعرێک لە مامۆستا قانع “گەر بە ئازادی نەژیم ، مردن خەڵاتە بۆ لەشم” لە ڕێورەسمی نەورۆز لە ئاوایی “قەڵاکۆن”ی سەقز ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .
سەیفوڵڵا خان غەفاری لە دایکبوویی ساڵی ١٣٢٦ ، زیندانی سیاسی پێشوو ، خەڵکی “باشبڵاغ کۆڵتەپە” و دانیشتوویی شاری سەقزە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار سەیفوڵڵا خان غەفاری دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە بۆ گرتنگەی بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزراوە .
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد ؛ بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە بە مەبەسەتی ئاگادار بوونیان لە بارودۆخی سەردانی دامودەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانیان کردووە و پێیان ڕاگەینراوە کە بۆ ئازاد بوونی کاتی ئەو پێویستی بە بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی هەیە و تا کۆتایی ڕۆژانی پشوو لە گرتنگە دەبێت .