بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی سێشەممە “٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣” سۆعدا خەدیرزادە لەگەڵ منداڵەکەی بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملوێن تمەنی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بۆ یەکەمجار مەرەخەسی پێدراوە .
سۆعدا خەدیرزادە زیندانی سیاسی خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی یەک لە مهاباد بە تۆمەتی “هاوکاری بۆ کوشتنی خدر پیرۆتی لە ئەندامانی سوپای پاسداران” و “دەرباز کردنی تۆمەتباری سەرەکی” و “ئەندامێتی لە حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو .
کۆبوونەوەی دادگایی کردنی سۆعدا خەدیرزادە رۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠١ ، بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو و رۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ بڕیاری دادگا بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە راگەیەندراوە.
سۆعدا خەدیرزادە رۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ ، دوای نەشتەرگەری سزارین و لەدایکبوونی کۆرپەکەی بێ کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەواودەرمان گەڕێندرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ.
کارمەندانی بەندیخانە لە کاتی خەوتی سۆعدا خەدیرزادە لە نەخۆشخانە دەست و لاقیان بە تەختی نەخۆشخانەوە بەستبووەوە بە جۆرێک کادری دەرمانی نەخۆشخانە بەرامبەر ئەو کردەوەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو .
ناوبراو لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا بۆ ناڕەزایەتی بە دۆخی نادیاری چارەنووسی خۆی، بۆ ماوەی ١١ رۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو. سوعدا خەدیرزادە لە سەر بەڵێنی بەپرسانی بەندیخانە بۆ ئازادکرانی بە شێوەی کاتی و دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار دادگای مهاباد خۆی لە ئازادکرانی ئەم شارۆمەندە کوردە بە شێوەی کاتی پاراستووە .
سوعدا خەدیرزادە لە کاتێکدا دووگیان بوو بە هۆی نەخۆشی گورچیلە و دڵ و دیسکی کەمەر لە ئازاردا بووە و لەو ماوەیەشدا لە چاوەدێری پزیشکی بێبەش کراوە .
ناوبراو رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی رەزبەری ١٤٠٠ لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ کرابوو و دوای ١٢ رۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو .
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندبوو سۆعدا خەدیرزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا هەرگیز دەرفەتی بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەر کرانی ناوبراو پێچەوانەی پێوەر و پێوانەی دادگاییەکی دادپەروەرانە بووە و لە روانگەی یاسا نێونەتەوەیەکانەوە سەرەڕۆیانە بووە. چونکە سوعدا خەدیرزادە بێ ئاگادار بوون لە هۆکاری گرتنی بۆ ماوەیەکی زۆر بە شێوەی کاتی بەندکراوە و مافی وەرگرتنی پارێزەریشی لێ زەوت کراوە .