رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٢ی دیسامبری ٢٠٢٥) سۆران یوسفی شارۆمەندی خەڵکی ئاوایی “سڵامەت”ی سەر بە شاری بۆکان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان مەرەخەسی پێدراوە.
سۆران یوسفی تەمەن ٣٧ ساڵ خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
ئەو پێشتر لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای چوار ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان ڕاگوێزرابوو.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، سۆران یوسفی پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی فەخری بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای چوار ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٤ی دێسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و دواتر لە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
