بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لانیکەم ١٣ خوێندکاری قۆناغی پێنجی سەرەتایی لە گوندی “کەرجۆ”ی سەر بە شاری سنە ، لەلایەن مامۆستایەکی قوتابخانە (کە ناسنامەکەی بۆ هانا ناسراوە) ئازاری جەستەیی دراون .
بەگوتەی سەرچاوەکانی هانا ، ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکی زۆری دایکان ، باوکان و دانیشتوانی ئەو گوندەی لێکەوتووەتەوە ، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتی دایکان و باوکان ، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی یان قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانە و پەروەردەی پارێزگای کوردستانەوە ڕانەگەیەندراوە .شایەنی باسە ئەو وێنانەی سەرەوە پەیوەندییان بە دوو برای تەمەن ٩ ساڵ “ا.ف” و “ر.ف”ەوە هەیە و لەو خوێندکارانەن کە لە لایەن مامۆستاکەیانەوە ئازاری جەستەیی دراون .
بەپێی بەڵگەنامەکانی هانا ، توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر بە قوتابیان لەلایەن مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانەکانەوە بەردەوامە ، بەڵام هیچ میکانیزمێکی یاسایی دیاریکراو لە وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بەو بابەتانە بوونی نییە .
ئێران ئەندامی کۆنوانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵانە و هەر بۆیە بە پشتبەستن بە مەرجەکانی ئەم کۆنوانسیۆنە، دەسەڵاتدارانی حکومەت دەبێ کەشێکی ئارام ، دوور لە هەر جۆرە توندوتیژییەک ، بۆ گەشەکردن و پەروەردەی منداڵان دابین بکەن .