هانا؛ لقی سێی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی ئەمنی بڕیاری کۆتایی لەسەر دوو کەسی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەستیان هەبووە لە دۆسیەی هەوڵی تیرۆرکردنی “شۆڕش شەهباز”، چالاکوانی سیاسی خەڵکی کوردستانی ئێران دەرکرد.
دۆسیەکە کاتێک دەستی پێکرد کە شۆڕش شەهباز لە ئۆپەراسیۆنێکی ڕێکخراودا کرایە ئامانج. دوابەدوای ئەم ڕووداوە، ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و لە بەڵگەنامەی کۆتاییدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانی لە ئاڕاستەکردن و پلاندانانی تیرۆرەکە پشتڕاست کردەوە.
دوای چەسپاندنی ڕاستییەکان و خستنەڕووی بەڵگەنامە یاساییەکان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە ئاماژەدان بە ماددەی (١) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣، پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان)، تۆمەتبارانی بە تاوانبار ناسی. لەسەر بنەمای بڕیارەکە، تۆمەتباری یەکەم (ف.م.) سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و تۆمەتباری دووەم (ا.ف.) سزای ٥ ساڵ و ١ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
لە کۆتاییدا، دادگا جگە لە دەرکردنی سزای زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانە، مافی یاسایی سکاڵاکەری پاراستووە کە داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بکات. ئەم حوکمە سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی پێشتر باس لە کردنە ئامانجی چالاکانی سیاسی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە لایەن توخمەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە دێت، بەڵام دەرکردنی حوکمی فەرمی دادگا لەو پێوەندییەدا بەڵگەنامەیەکی یاساییە بۆ پشتڕاست کردنەوەی بەردەوامیی ئەو کردە تیرۆریستییانە.
