سزای لە سێدارەدانی شەریفە محەمەدی بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئەمیر رەئیسیان پارێزەری شەریفە محەمەدی، چالاکی کرێکاری و زیندانی سیاسی لە لاپەڕەی خۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس (تویتێری پێشوو) ڕایگەیاندووە کە بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای قەزایی سزای سێدارەی شەریفە محەمەدی چالاکی کرێکاری بە یەک دەرەجە کەمکردنەوە بۆ بەندکرانی دەرەجە یەک (٣٠ ساڵ) کەم کراوەتەوە.

رەئیسیان لەمبارەوە نوسیویەتی :

خۆشبەختانە لە ئێستادا مەترسی ڕوودانی کارەسات لە ئارادا نیە، بەڵام لە ڕێگای داوای دووبارە دادگایی کردنەوە یان سەپاندنی مادەی ٤٧٧ بەدواداچوون دەکەم تاوەکوو مەحکومیەتی ئەو هەڵبوەشێتەوە و تۆمەتی بەغی لە سەر نەمێنێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، سزای سێدارەی بەڕێز محەمەدی پێشتر لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە ئەمە لە کاتێکدابوو کە هەر ئەم لقە پێشتر بە هۆی کەموکۆڕیەکان، سزاکەی هەڵوەشاندەوە.

شەریفە محەمەدی لە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

ئەو سەرەتا بۆ بەندیخانەی لاکانی رەشت و دواتر لە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا و دوای ماوەیەک دووبارە بۆ بەندیخانەی ڕەشت ڕاگوێزرابوو.

خاتوو محەممەدی لە مانگی جۆزەردانی١٤٠٤ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام، کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن” دادگایی کرا.
دواجار لە ٤ی پوشپەڕی١٤٠٣ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕەشتەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.


شەریفە محەممەدی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی یارمەتیدانی دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە و ئەم لێژنەیە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی کۆمەڵەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی دادوەری بە تۆمەتی ئەندامێتی لەم حیزبەدا بە “بەغی” تۆمەتباری کردووە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها