سزای سێدارەی مێهراب عەبدوڵڵازادە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دادگای باڵای وڵات پەسند کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سزای سێدارەی مێهراب عەبدوڵڵازادە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن لقی ٩ی دادگای باڵای وڵاتەوە پەسند کراوە و سزاکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە.

مێهراب عەبدوڵڵازادە ، تەمەن ٢٧ کوڕی محەمەدئەمین ، خەڵکی ئاوایی “خوشاڵان”ی ورمێ و دانیشتووی شەهرەکی وەلیعەسر، پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی”سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنرابوو .
سزاکە لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ ، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە .
مێهراب عەبدوڵڵازادە لە رێکەوتی “٣٠ ڕەزبەری ١٤٠١” لە شەهرەکی وەلیعەسری ورمێ لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی شاراوەی ئەمنییەتی لە ورمێ ڕاگوێزرابوو . ئەو لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنیەتیەکانەوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی کراوە . دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ لە دادگایەکی تەواو نادادپەروەرانەدا، بێ ئەوەی کە لە کەمترین مافە ناسراوەکان بۆ تۆمەتبارێک بەهرەمەند بێت تەنانەت بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە .
شایانی باسە بنەماڵەی ناوبراو لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە توندی گوشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی سەبارەت بەم بابەتە هیچ هەواڵ و زانیاریەک بڵاو نەکەنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە ئێعدامی نهێنی سۆهراب عەبدوڵڵا زادە، داوای دەستێوەردانی خێرای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گوشار بۆ سەر حکومەتی ئێران دەکات. هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کام لە کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە بابەتە تاوانکارییەکان لە دادگاییکردنی عەبدوڵڵا زادەدا ڕەچاو نەکراون و لە دوای دەستبەسەرکردنیەوە، تەنانەت بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیش، لە کەمترین مافی تۆمەتبارێک بێبەش بووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین