بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی سێشەممە “١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣” سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “بێهروز ئیحسانی ئیسلاملو” تەمەن ٧٠ ساڵ ، خێزاندار ، باوکی دوو منداڵ ، خەڵکی ورمێ و دانیشتووی تاران و “مەهدی حەسەنی” تەمەن ٤٨ ساڵ ، خێزاندار ، خاوەن سێ منداڵ و خەڵکی زەنجان ، لە لایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست و بە پارێزەرەکانیان ڕاگەینراوە .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون ؛ ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣ ، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاراونەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری” بە تۆمەتەکانی “بەغی ، موحاربە ، ئەفساد فی العەرز ئەندامێتی لە رێکخراوی موجاهیدین ، کۆکردنەوەی زانیاری تایبەت و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو .
مەهدی حەسەنی لە رێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ ، لە شاری زەنجان دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا و ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوو و دواتر بۆ بەندی ٨ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا .
هەروەها بێهروز ئیحسانی ئیسلاملو لە خەزەڵوەری ١٤٠١ ، لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشی #ژن_ژیان_ئازادی لە ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین کە تایبەتە بە وەزارەتی ئیتڵاعات ڕاگوێزرا و دوای ٣ مانگ و نیو ئەشکەنجە و لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ٤ی ئەم بەندیخانەیە کرا .