لە مانگەکانی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکیتر بە سەرکوتی چالاکانی مەدەنی ، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆیی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان نیشانی داوە کە هیچ مەودایەکی بۆ چالاکی ئاشتیخوازانە و مرۆیی نەهێشتووەتەوە . نمونەی ئەم سەرکوتانە دۆسیەکانی “ڕزگار بەیگزادە بابامیری ، پەخشان عەزیزی ، وریشە مورادیە” سێ چالاکی کورد کە هەر کامەیانی لە بەشێکدا بەڵام لە ڕێڕەوی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی ، پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی چالاکیان کردووە .
ڕزگار بەیگزادە بابامیری تەمەن ٤٦ ساڵ خەڵکی بۆکان ، لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ەوە ، واتە زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژە کە لە بەندیخانەی ورمێیە و چارەنوسی نادیارە .
تۆمەتی سەرەکی ڕزگار بەیگزادە بابامیری گەیاندنی هاوکاری دەرمانی بە بریندارانی ناڕەزایەتیەکانی ١٤٠١ ، لە جەریانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی بووە . ئەو لە کاتی ناڕەزایەتیەکاندا هەوڵی ڕزگار کردنی گیانی خەڵکی دەدا ، ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی ساختە و درۆینی “بەشداری لە کوشتنی بە ئانقەست و قاچاخی ستارلینک” بووەتەوە . ئەو تۆمەتانەی کە نەک هەر بێ بنەمان بڵکو ڕەنگدانەوەی هەوڵی کۆماری ئیسلامیە بۆ بە تاوان ناساندنی چالاکییە مرۆییەکان .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەشتووە ، ڕزگار بەیگزادە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی دراوە . هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بە سەختی بریندار بووە بەڵام تا ئێستا وردەکاریەکانی پشتڕاست نەکراوەتەوە .
یارمەتیدانی برینداران لە کاتە سەختەکاندا نەک هەر تاوان نیە بەڵکو بە پێی بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانیە . کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە کردەوانە هەوڵ دەدات هەر جۆرە پشتیوانییەک لە خۆپێشاندەران سەرکوت بکات و تەنانەت کاسانێک کە تەنیا هەوڵی ڕزگار کردنی گیانی مرۆڤەکانیان داوە سزا دەدات .
پەخشان عەزیزی: توێژەری کۆمەڵایەتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
پەخشان عەزیزی توێژەری کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری مەهاباد ، یەکێک لەو ژنانەیە کە بە هۆی چالاکییە ئینسانییەکانیەوە ڕووبەڕووی سەرکوتی توند بووەتەوە . ئەو کە پێشتر یارمەتی ژنانی ئێزیدی داوە کە لە جینۆسایدی داعش لە سوریا ڕزگاریان بووە ، ئێستا لە ئێران بە تۆمەتی “بەغی” و “ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە .
ئەو حوکمەی بۆ پەخشان عەزیزی دەرچووە ، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە . لە کاتێکدا کە تەنیا لە بواری پشتیوانی لە ژنانی زیانلێکەوتوودا کار دەکات دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە ژێر پەردەی ئاسایشدا هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو کارە ئینسانییەی داوە . لە ڕاستیدا کاری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی لە قوربانیانی توندوتیژی ، مافێکی بنەڕەتی مرۆڤن کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا دەنرێت .
وریشە مورادی چالاکی مافی ژنان
وریشە مورادی چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی شەرقی کوردستان (کژار) بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە . ئەمە لە کاتێدایە کە ئەو هیچ جۆرە چالاکیەکی چەکداری نەبووە و تەنها لە بواری هۆشیار کردنەوەی ژنان و پاراستنی مافەکانیان کاری کردووە .
لە رێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ ، وریشە مورادی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی نادادپەروەرانەی خۆی و زیندانییە سیاسیەکان مانی لە خواردن گرت . جگە لەمەش ئەو لەگەڵ پەخشان عەزیزی و سێ زیندانی سیاسی دیکە لە دۆسیەیەکی نوێدا بە تۆمەتی “یاخیبوون و نافەرمانی لە مەعمورانی حکومەت” هەرکامەیان بە ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دران . نیشانەیەکی ئاشکرا لە کەیس سازی بەردەوام لە دژی چالاکانی کورد .
دۆسیەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری ، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی جارێکی دیکە نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن لە ڕێگەی تۆمەتی ساختە و درۆین و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجەدان ، چالاکانی مەدەنی و مرۆیی سەرکوت دەکات . لە کاتێکدا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکرا چالاکییە ئینسانییەکان ، ئازادیی ڕادەربڕین ، پاراستنی برینداران و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووەکان وەک مافی سەرەتایی مرۆڤ دەناسێت ، کۆماری ئیسلامی ئەم کردەوانە بە تاوان دەزانێت و حوکمی توندیان بۆ دەردەکات.
ئەو سزایانەی کە لە دژی ئەم سێ کەسە دەرکراون ، پێچەوانەی ماددە جۆراوجۆرەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە ، بەتایبەتی:
مادەی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ: مافی ئازادی ڕادەربڕین و گەیاندنی زانیاری
مادەی پێنجەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان : قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە
مادەی ١٤ی هەمان پەیمان : مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە
لە کاتێکدا کە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ پێویستە کاردانەوەی جددیان لە سەر ئەم بابەتە هەبێت .
ئەو حوکمانەی کە لە دژی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەرکراون ، نەک هەر نایاسایی و ناڕەوان بەڵکو گوزارشت لە هەوڵی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی دادخوازان لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکات .
ئامادەکردنی ڕاپۆرت : پویا مەقسودی