سامان محەمەدی خیارە بەندکراوی سیاسی کورد دوای ١٢ ساڵ بەندکران بە شێوەی شاراوە لە سێدارە درا

بە پێی زانیاریەکانی هانا؛ سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) سزای سێدارەی سامان محەمەدی خیارە، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی سنە، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج بە شێوەی شاراوە و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی جێبەجێ کراوە.

سامان محەمەی خیارە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢، لە تەمەن ١٩ ساڵەیی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە بەندیخانە ڕاگیرا. ئەو لەو ماوەیەدا لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەش کرا و بە پێی کۆمەڵێک ڕاپۆرت بە قورسی ئەشکەنجە کراوە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیی کراوە.

دانپێدانانێک کە بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە دژی ئەو لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئەبولقاسم سەلەواتی بوو. تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ئەو پێکهاتوون لە “موحاربە و ئەندام بوون لە گروپە تیرۆریستیەکانی سەر بە دەزگا سیخوڕیەکانی بێگانە”.

لەم ماوەی ئەم ساڵانەدا داواکاری یاسایی و دادوەری بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە و ڕاگیرانی جێبەجێ کرانی سزا لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕەت کراونەتەوە. سەرچاوە فەرمیەکانی حکومەتیش لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بە خستەپاڵی کۆمەڵێک تۆمەت وەک کوشتنی هێزی ئینتیزامی و کەسایەتیە ئایینیەکانی سەر بە حکومەت دۆسیەکەی بە کردەوەی پلان بۆ داڕێژراو لە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ببەستنەوە.

رێکخرای مافی مرۆڤی هانا جێبەجێ کرانی ئەم سزای بە پێشێلکاری ئاشکرا و ڕوونی مافە بنەڕەتیەکان مرۆڤ لەوانە مافی ژیان و قەدەغەی ئەشکەنجە دەزانێت و بە توندی مەحکومی دەکات. هانا جارێکیتر داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئێعدامە سیاسیەکان و هەڵوەشاندنەوەی بە تەواوەتی و هەتاهەتایی سزادانی سێدارە لە ئێران، ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر بگرنە بەر.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین

محەمەد عەبدوڵڵاهی

سەید محەمەد حوسێنی

رامین کەرەمی