بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە: رەحمان رەحیم پور شارۆمەندی کوردی خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی یەکی دادگا شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە پێنج مانگ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی دووساڵ و بڕی ١٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی سزا دراوە. سزاکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە “١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣” بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی شەهرامفەری سنە ڕاگوێزرا و دواتر بۆ زیندانی سەقز گواسترایەوە و پاشان لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادرەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.
ئەم شارۆمەندە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
شایانی باسە رەحمان رەحیم پور لە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩ ، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” له لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .
هەروەها لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت لە بەرژەوەندی یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درابوو.
ئەو ڕۆژی شەممە ١٢ی پوشپەڕی ١٤٠٠، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا و لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵدا لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.