دوابەدوای شەپۆلی بەربڵاوی دەستگیرکردن لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی “دیاکۆ ئەیازی” خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانای ڕاگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە ئیدارەی غاز و بە جلوبەرگی فەرمی ڕێکخراوەکەوە چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییەکە و دەستگیریان کردووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا زانیاری دروست سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی دیاکۆ ئەیازی لەبەردەستدا نییە.
