هانا : ڕۆژی یەکشەممە “٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣” گەلاوێژ محەمەدی ئەرشەد تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد ، دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری ئەحکامی کەیفەری مەهاباد دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون ؛ گەلاوێژ محەمەدی ئەرشەد پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە سەرۆکایەتی قازی “سەجاد دۆستی” سزای چوار مانگ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو .
شایانی باسە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی “٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣” لە کاتی گەڕانەوەی لە شوێنی کارەکەی لە باغی شایەگانی مەهاباد ، لە لایەن هێزه ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتیەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کرابوو و دواتر لە ڕۆژی سێشەممە “٦ی خەرمانانی ١٤٠٣” بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی تا کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو .