بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٤ی دیسامبری ٢٠٢٥) شارۆمەندێک بە ناوی کەیوان مامە گوڵی خەڵکی ئاوایی “گوێگ تەپە”ی سەر بە شاری مەهاباد، دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری سزاکانی کەیفەری ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم شارۆمەندە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای شەش مانگ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە و سزاکە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بەم شارۆمەندە ڕاگەیندراوە.
شایانی باسە ئەم شارۆمەندە کوردە سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەیەکی ئەمنی شاری مەهاباد ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
