هانا: ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە، دایە نەهیە رەحیمی دایکی دادخوازی رامین فاتحی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیان دەستبەسەر و دوای چەندین کاژێر لێپرسینەوە و هەڕەشە ئازادیان کردووە.
رادار فاتحی خوشکی رامین و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژینا، بە بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی نوسیویەتی؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە دایکە تەمەن ٧١ ساڵەکەمیان سەرەڕای نەخۆش بوون و بارودۆخی جەستەیی خراپ، خستووەتەوە ژێر گوشاری دەرونی توندەوە.
هەروەها نوسیویەتی، بیهێننە پێش چاوتان دایکێکی داخدار بۆ هەمان شوێنی کوشتنی ڕۆڵەکەی دەبەن نەک بۆ دادخوازی و ڕاستی بەڵکوو بۆ بێڕێزی و هەڕەشە و ناچار کردنی بە بێدەنگی.
بە گوتەی رادار فەتحی هێزە ئەمنییەکان داوایان لە دایکی کردووە داوای دادپەروەری نەکات و بەشداری لە هیچ ڕێورەسمێک و ساڵوەگەڕێکدا نەکات و کوڕەکەشی لە دەرەوەی وڵات بدەنگ بێت، ئەگەر وانەکات بە شێوەی خۆیان بێدەنگی دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دایە نەهیە رەحیمی بە هۆکاری بەتەمەن بوون و کۆمەڵێک نەخۆشی، بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
رادار فاتحی نوسیویەتی من شایەتی ئەدەم کە دایکم ئەمڕۆ جارێکیتر ئەشکەنجە کرا بە هەڕەشە، بێڕێزی و گوشار.
رامین فاتحی لە رێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە گرتووخانەیەکی سنە کوژرا و دواتر هۆکاری مەرگی بە خۆکوژی ڕاگەیندرا و تەرمەکەی بە بێ ئیجازەی بنەماڵەکەی لە بەهەشت محەمەدی سنە بە خاک سپێردرا.