بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لە ڕۆژانی ڕابردوو شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “ئەیوب خوسرەوزادە” خەڵکی بۆکان ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی باوکی ئەم شارۆمەندە و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەکەشی ئازار و ئەشکەنجە دەکەن .
بنەماڵەی خوسرەوزادە بە مەبەستی ئاگادار بوونیان لە چارەنوس وشوێنی ڕاگیرانی منداڵەکەیان سەردانی دامەزراوە ئەمنییەکانی بۆکانیان کردووە و بەرپرسان پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان بۆ گرتنگەیەک لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە .
لەگەڵ ئەمەش بەدواداچوونی ئەم بنەماڵەیە لە ورمێ ئەنجامێکی نەبووە و بەرپرسانی ئەمنی ئەو شارەش هیچ جۆرە وڵام و زانیاریەکیان پێنەداون . ئەم وڵامدەر نەبوونەی بەرپرسانی ئەمنی و هەڵسوکەوتە توندوتیژانەکان ، نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شارۆمەندە کوردەی لێکەوتووەتەوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆیی بە نسبەت بەردەوامی دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان و پێشێلکاری مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان بە تایبەتی مافی پێدانی زانیاری بە بنەماڵەکان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر دەردەبڕێت .