دەستبەسەر کران و نادیاری چارەنوسی عەلی محەمەدی باوکی شەهریار محەمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژینا لە بۆکان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، عەلی محەمەدی ، باوکی شەهریار محەمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە شاری بۆکان ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .

میلاد محەمەدی کوڕی عەلی محەمەدی لە گفتوگۆی لەگەڵ هانا ڕایگەیاند ؛ هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە باوکیان دەستبەسەر کردووە و سەرەتا بۆ بەندی دووی زیندانی گەورەی بۆکان ڕایانگواستووە بەڵام دوای تێپەڕ بوونی ڕۆژێک چیتر هیچکام لە زیندانیەکان ئەویان نەبینیوە .

میلاد محەمەدی هەروەها زیادی کرد ؛ هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەیان چوونەتە ژورەوە و وێڕای پشکنینی ماڵەکە ، کەلوپەلی ماڵەکەیان شکاندووە ، دەستیان بە سەر ئۆتۆمبێل و کۆمپیتەر و بەڵگەنامە کەسیەکاندا گرتووە .

میلاد محەمەدی ڕایگەیاند کە باوکی پێشتر نەشتەرگەری دڵی ئەنجامداوە و پێویستی بە بەکار هێنانی دەرمان و چاوەدێری بەردەوامی پزیشکی هەیە .

شایانی باسە تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران ، شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی یاسایی ئەم شارۆمەندە کوردە بەردەست نیە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین