بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە “٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣” شارۆمەندێک بە ناوی “حامد ڕەزایی” تەمەن ٣٣ ساڵ ، کوڕی مەلامحەمەد و خەڵکی ئاوایی “بانی ساکان”ی سەر بە ناوچەی سەلاس باوەجانی ، بە هۆی بڵاو کردنەوەی ستۆری سەبارەت بە کوژرانی قازیەکانی دادگای باڵای وڵات لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئاواییەکەی کە هەر خۆشی ئەدمینی بووە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ لێدان و ئەشکەنجە کردن دەستبەسەر کراوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ڕێگای سەلاس باوەجانی بۆ جوانڕۆ بوون کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پێش چاوی دایک و خوشکیەوە بە لێدان دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا ڕاگوێزراوە و دووبارە بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە و بەم هۆیەوە توانای قسە کردنی نەماوە .ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد ؛ دوای ئەوەی کە حامد رەزایی هۆشیاری و توانای قسە کردنی لە دەستداوە هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاس باوەجانیان کردووە و لە ڕێی پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لەم نەخۆشخانەیە خەوێندراوە .
بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە چوونەتە نەخۆشخانەی سەلاس باوەجانی و دوای ڕۆژێک ئەویان بردووەتەوە بۆ ماڵەکەیان و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە .