بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) گزینگ قازی نوسەر و چالاکی مەدەنی کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیی لە تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی ئەم شارۆمەندە و دوای پشکنینی ماڵەکەس دەستبەسەریان کردووە و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەروەها “سەعد قازی” برای گزینگ ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی هەواڵی دەستبەسەر کرانی خوشکەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەم چالاکە مەدەنیە لەم ڕۆژانەدا بابەتێکی ڕەخنەگرانەی لە سەر دۆخی ئێستای ئێران بە تایبەتی لە بواری ژنان، خێزان و سەلامەتی دەروونی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و پێویستی بە دەرمانی تایبەتیە بابەتێک کە نیگەرانی بنەماڵەکەی لە سەر دۆخی تەندروستی ئەو دوو هێندە کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، گزینگ قازی لە ساڵی ١٣٩٧ بە هۆکاری چالاکیە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکانیەوە لە لایەن دامەرزاوە ئەمنییەکانەوە گوشاری خراوەتە سەر.
گزینگ قازی لە دایکبووی شاری مەهاباد خاوەن بەڵگەنامەی لیسانس لە بەشی ئەدەبیاتی فارسی، نوسەر، شاعیر و چالاکی بواری ژنان و بنەماڵەیە.
شایانی باسە تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچکام لە دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکانی وڵات بەرپرسایەتی دەستبەسەر کردنی ئەم چالاکە مەدەنیەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم دەستبەسەر کردنە نایاساییە، نیگەرانی قوڵی لەئاست نادیاری دۆخی یاسایی گزینگ قازی دەردەبڕێت و داواکاری گشتی و بەرپرسی گشتی ئیتڵاعاتی پارێزگای تاران بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی تەندروستی ئەم شارۆمەندە دەزانێت.