بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پوشپەڕی ١٤٠٤، موسا ئومیدی ، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئیلام ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکی سیاسیە و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ، دەستیان بە سەر بەشێک لە کەلوپەلە کەسیەکانی وەکوو مۆبایل ، لابتۆپ و بەشێکی زۆر لە کتێبەکانیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە .
موسا ئومیدی نوسەر ، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای پێشووی زانکۆیە کە بە هۆکاری بۆچوونە ڕەخنەگرانەکانی لە سەر کارەکەی دوور خرایەوە .
ئەم چالاکی سیاسیە پێشتر لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندی گروپ یان رێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ دادسەرای ئیلام بانگ کرابوو .