بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی گوڵانی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غولامی ، مامۆستای سوننە مەزەب و ئیمام جەماعەتی پێشووی مزگەوتی “محەمەدولموستەفا” لە شاری کرماشان ، دوای بانگ کرانی بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی و ئامادەبوونی لە دادگا ، دەستبەسەر کراوە .
ئەم مامۆستا ئایینیە کوردە کە مامۆستای مەکتەبی زانیاری ئایینیشە ، پێشتر لە رێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لە لایەن حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانیەتی کرماشانەوە بانگ و بە بڕیاری ئەم دامەزراوە ئەمنییە ، پێشنوێژی و سەرجەم چالاکیە ئایینیەکانی قەدەغە کرا .
مامۆستا ئایەت غولامی لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار بە هۆی بۆچوونە ڕەخنەگرانەکانیەوە لەوانەش پشتیوانی نەکردنی لە هەڵبژاردنە حکومەتیەکان ، واژۆ کردنی بەیاننامەی مەحکومیەتی ئێعدامی مامۆستا “محەمەد خزرنژاد” ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەر کردن و سنووردار کردنی مامۆستایان ، ڕەخنە گرتن لە کوشتنی کۆڵبەران و سوختبەران و هەروەها بەڕێوبردنی ڕێورەسمە ئایینیەکان لە سەر بنەمای باوەڕەکانی سوننە مەزەبەکان ، بۆ دامەزراوە ئەمنیەتیەکان بانگ کرابوو .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەردەوامی سەرکوتی ئازادی ئایینی و ڕادەربڕین لە ناوچە کوردستانیەکان ، داوای ئازادی بەپەلە و بێمەرجی ئەم مامۆستایە و کۆتایی هێنان بە گوشار لە سەر چالاکانی ئایینی سوننە مەزەب دەکات .