بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤،لانیکەم ٩ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەکانی سازمانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی ئەم ٩ شارۆمەندە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا “ئەحمەد گوڵستانی، محەمەد گوڵستانی، بێهزاد گوڵستانی، موحسێن گوڵستانی، ئێحسان گوڵستانی، مێهران گوڵستانی، فەرزاد موستەفا زادە، حەمید موستەفازادە وشۆڕش موستەفازادە” خەڵکی ئاوایی “نەوجەوان”ی سەر بە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ سەلمێنراوە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم ٩ شارۆمەندە ئەندامی خێزانی دوو بنەماڵەن و سەرجەمیان برا و ئامۆزای یەکترن.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ئەم شارۆمەندانە لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە بە لێدان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەیەکی ئەمنیەتی ئیتڵاعاتی سوپا لە تاران ڕاگوێزراون.
شایانی باسە تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران، بار و دۆخ و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندانە هیج زانیاریەک بەردەست نیە و بنەماڵەکانیشیان لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵیان بێبەش کراون.