دەستبەسەر کرانی فەرزاد گەلەبان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی پێنج شەممە ۲۲ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی فەرزاد (نەجمەدین) گەلەبان خەڵکی ئاوایی کەریماوای ناوچەی تەرگەوەر و دانیشتووی ئاوایی وەلەند سفلی سەر بە شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە ئەم شارۆمەندەیان دەستبەسەر و دواتر هەڵیانکوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە سەر بەشێک لە کەلوپەلی تایبەتی ئەودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

شایانی باسە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە کوردە لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین