لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە سێ شارۆمەندی خەڵکی شارەکانی بۆکان و شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سەر لە بەیانی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٨ی دیسامبری ٢٠٢٥) دوو شارۆمەند بە ناوەکانی عوبەید سوری خەڵکی ئاوایی “شیناوێ” و محەمەد عەباسی خەڵکی ئاوایی “گۆگجەلی” سەر بە شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، شارۆمەندێکی تر بە ناوی مەولود خالدی تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “میراوا”ی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، ئەم شارۆمەندە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە ماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە، تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.
