بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی سێشەممە ١٥ ڕەزبەری ١٤٠٤( ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) دوو منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی “رێبوار موسەوی و زاهیر ئازەری” و لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی “فەخرەدین خالدی” خەڵکی ئاوایی “میراوا”ی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان لە هێرشێکی شەوانەدا و بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی ئەم سێ شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە.
رێبوار موسەوی و زاهیر ئازەری دوای ٢٤ کاژێر لێپرسینەوە ئازاد کراون، بەڵام فەخرەدین خالدی لە گرتووخانەیە و تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لە سەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی لە بەردەستدا نیە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆیی لەئاست نادیار چارەنوسی فەخرەدین خالدی دەردەبڕێت و داوای وڵامدانەوەی دامەرزاوە بەرپرسەکان و ڕەچاو کردنی مافە یاسایی و ئینسانیەکانی دەستبەسەر کراوان دەکات.