لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان لە مەهاباد ، لانیکەم سێ شارۆمەندیتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە ؛ شەوی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، شارۆمەندێک بە ناوی “مەنسور مەولودپوری” خەڵکی مەهاباد لە شوێنی کارەکەی بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و ماڵەکەیان پشکنیوە .
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو شارۆمەند بە ناوەکانی “جەلال پەهیزکار و سەروەر حەمەنازدار” خەڵکی ئاوایی “حاجی عەلیکەند”ی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانیان بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون .
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ شارۆمەندە کوردە هیچ جۆرە زانیاریەک بەردەست نیە .