هانا زانیویەتی ڕۆژی پێنج شەممە ۲۷ی خەرمانانی ۱٤۰٤، ( ۱٨ی سپتەمبری٢٠٢٥) زانیار شادیخا تەمەن ۱۷ساڵ و موحسێن دهار تەمەن ۲٥ ساڵ خەڵکی ئاوایی سینگانی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زانیار شادیخا و مۆحسێن دهار، لە لایەن هێزە ئەمییەکانەوە بە شێوەی خۆسەرانە لە ماڵی باوکیان دەستبەسەر کراون.
هەروەها پێشتر سەرلە ئێوارەی چوارشەممە ۲٦ی خەرمانانی ۱٤۰٤، دوو منداڵ تەمەن ۱٦ ساڵ بە ناوەکانی دیار گرگول و ئالان تابناک خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناڕوونی ئەم سێ مێرمنداڵە کوردە ڕادەگەیەنێ، منداڵان بە هۆی هەلومەرجی هەستیاریانەوە هەمیشە لە سیستەمی یاسا و مافدا تەنانەت لە کاتی ئەگەری تووش بوون بە تاوانێک لە ستانداردگەلی پشتیوانی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوە بەهرەمدندن و مافیان پارێزراوە.
کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە حکومەتی ئێرانیش پەسندی کردووە و هەروەها بە پێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنی لە حوکمی سزای ناوخۆدا، دەستبەسەر کردنی پێش دادگایی دەبێ لە ئەگەری پێویستدا وەک دوایین هەنگاو کەڵکی لێ وەرگیرێ. هەر لەم پێوەندییەدا یاسای مەدەنی و ناوخۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش فەرمانێکی لەم بارەوە لە مادە ٢٨٧ی یاسای داد گونجاندوە. بەم پێیە هەوڵی سەرەکی بۆ ئەسپاردنی منداڵ یا تازەلاوە بە دایک و باوک یا سەرپەرستی یاسایی و دەستبەسەر کردن لە کاتی لێپرسینەوە سەرەتاییەکان لە هەلومەرجێکی تەواو جیاواز و دەگمەندا ڕێگە پێدراوە.
پێشێلکردنی مافی پڕۆسەی لێپرسینەوەی تایبەت بە منداڵان تەنیا لە چوارچێوەی قۆناغی بەر لە دادگاییدا بەرتەسک نەبووەتە، بەڵکوو تەشەنەی کردووەتە سەر بابەتی دادگای ساڵح و پشکی ڕەچاوگیراو بۆ منداڵان و مێرمنداڵان لە ڕەوتی دادگاشدا.
ئەم ستانداردە داوەری و قەزاییانەی پشتیوانی لە منداڵان بریتین لە سنووردار کردنی دەستبەسەرکرانی مناڵ بەر لە لێپرسینەوە، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵە، قەدەغە کردنی گوشاری جەستەیی و دەروونی و دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاساناس و پارێزەری گونجاو لەگەڵ دۆخی منداڵ.