بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : لە ڕۆژانی “٩ و ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣”دوو برا بە ناوەکانی “خالد و محەمەد بەکری” خەڵکی مەهاباد ،بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون .
خالد بەکری تەمەن ٤٦ ساڵ ، خێزاندار ، باوکی منداڵێک و محەمەد بەکری تەمەن٤٣ ساڵ ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ خالد بەکری بە بێ پێدانی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ڕێی سەردەشت -مەهابادو محەمەد بەکریش بەبێ پێدانی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بازاڕی مەهاباد دەستبەسەر کراون .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی ؛ ئەم دوو برا دوای دەستبەسەر کرانیان بە مەبەسەتی لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەهاباد ڕاگوێزراون .
فواد بەکری برای ئەم دوو شارۆمەندە کوردە لە گفتوگۆ لەگەڵ هانا زیادی کرد ؛ بەدواداچوونی دایکم بە مەبەستی ئاگادار بوونی لە بار و دۆخ و چارەنوسی براکانم و سەردانی بۆ دامودەزگا ئەمنییەتیەکانی مەهاباد ئەنجامێکی نەبووە و ڕووبەڕووی وڵامنەدانەوە بەرپرسانی ئەم دامەزراوانە بووەتەوە .