بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە: ئەمڕۆ دووشەممە۱۳ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئەیوب جەوانپور چالاکی مەدەنی و لە دەستبەسەرکراوانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە که شەوی یەکشەممە ۱۱ی گەلاوێژ، ناوبراو لە لایەن گروپێکی سەلەفیەوە هێرش کراوەتە سەر و بە سەختی بریندار بووە.
ئەیوب جەوانپور چەند ساڵ لەوە پێش چەندین جار لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرابوو.
لە خەرمانانی ساڵی ۱۳۹۶ به هۆکاری بەشداری لە گردبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرا و دواتر لە ٣ی خەرمانانی ۱۴۰۱، لە بزوتنەوەی “ژن، ژیان ، ئازادی” جارێکی دیکە دەستبەسەر ودوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .
هەروەها ساڵێک دواتر لە ڕێکەوتی ۲۰ی جۆزەردانی ۱۴۰۲، بۆ سێهەمین جار دەستبەسەر کرا و دوای سێ مانگ لە دەستبەسەر بوون لە ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.
ئەیوب جەوانپور لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای سێدارەی چوار زیندانی سیاسی کورد لە بەفرانباری ۱۴۰۲، مانی لە خواردن گرت و بۆ ماوەی یەک حەفتە لە ژۆری تاکە کەسی ڕاگیرابوو.
ناوبراو دوای یەک ساڵ زیندان، سزای ۱۵ مانگ دوورخستنەوە بۆ شاری باوی لە پارێزگای خوزستان سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو.