بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ بەفرانباری ١٤٠٣ ئەسعەد غەفوری مامۆستای زانکۆی ئازادی سنە بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسای لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە شاراوە-ئەمنیەتیەکانی ئەم شارە ڕاگوێزراوە .شایانی باسە ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ ، ئایدا عەمویی چالاکی مەدەنی و مافەکانی ژنان لە سنەش بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا .تا ئێستا لە سەر تۆمەتەوەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیاریەکی ورد بەردەست نیە .
سەرەڕای بوونی هەندێک دەنگۆ و گەڕاندنەوەی بۆ دانانی “بەڕێوەبەری کەمپەینی ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی” لەلایەن ئەوانەوە، لە بارودۆخی ئێستادا بەهۆی ڕێگریکردن لە ئاراستە کرانی هەر تۆمەتێکی ناڕەوا بەرامبەر بەو کەسانە هانا ناتوانێت پرسێکی لەو شێوەیە پشتڕاست بکاتەوە .رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سەر شەپۆلی نوێی سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی لە کوردستان ، داوا دەکات بەپەلە و بەبێ هیچ جۆرە مەرجێک ئەسعەد غەفوری و ئایدا عەمویی ئازاد بکرێن و دەستبەسەر و کردنی خۆسەرانە لە کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت و مافە سەرەتاییەکانی دەستبەسەر کراوان لەوانەش دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەستەبەر بکرێت .