دەستبەسەر کرانی ئیسماعیل سانیار چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پوشپەڕی ١٤٠٤، ئیسماعیل سانیار ، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو ، خەڵکی بۆکان ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی بە شێوەی خۆسەرانە ئەم شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە .

لەگەڵ تێپەڕ بوونی چوار ڕۆژ ، تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر شوێنی ڕاگیران ، بارودۆخی جەستەیی و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە کوردە لە بەردەستی بنەماڵە و بیر و ڕای گشتیدا نیە .

ئیسماعیل سانیار پێشتریش لە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی هاوکاری کردنی دامەزراوە مافی مرۆڤیەکان ماوەی مانگێک لە گرتنگەی ئیتڵاعات لە ژێر لێپرسینەوەدا بوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و پاشان لە ١٦ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا لە لقی ١٠١ی دادگای گشتی بۆکان تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە سەر لابرا .

لەگەڵ ئەمەش داواکاری گشتی بۆکان ناڕەزایی بەم حوکمە دەربڕی دوسیەکەی ڕەوانەی لقی ١٠ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ورمێ کرد و لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٥، دوای بەڕێوەچوونی دوو کۆبوونەوەی دادگا بە سەرۆکایەتی دادوەران “عەلیار خەلیلزادە و محەمەد حوسێن رەزایی” بە تۆمەتی “هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامێتی لە حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرا .

شایانی باسە ، ئیسماعیل سانیار لە ساڵی ١٣٩٨، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا و لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩، لێخۆشبوونی نەورۆزی دەسەڵاتی دادوەری بەرکەوت و ئازاد کرا .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین