بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، نیما رازیانی خەڵکی گەڕەکی مەسکەن لە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە تەقەی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چاوی بە سەختی بریندار بووە و چاوێکی لە دەستداوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد، نیما رازیانی بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە، نیما قارەمانی بۆکسینگ و کێبڕکێی ئازادی ئێرانە و بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ چاوی سەردانی تاران بکات.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵ لە ئاست بارودۆخی جەستەیی و نادیاری چارەنوسی ئەم شارۆمەندە، داوای وڵامدانەوەی دامودەزگا بەرپرسیارەکان و ئازادکردنی بەپەلەی ئەو و دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزاری پزیشکی دەکات.
