هانا زانیویەتی کە سەر لە بەیانی چوارشەممە٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤(١٧ی سپتەمبری ٢٠٢٥) دوو منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، بە ناوەکانی “دیار گرگول” و “ئالان تابناک” خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناڕوونی دوو مێرمنداڵی کورد ڕادەگەیەنێ، منداڵان بە هۆی هەلومەرجی هەستیاریانەوە هەمیشە لە سیستەمی یاسا و مافدا تەنانەت لە کاتی ئەگەری تووش بوون بە تاوانێک لە ستانداردگەلی پشتیوانی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوە بەهرەمدندن و مافیان پارێزراوە.
کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە حکومەتی ئێرانیش پەسندی کردووە و هەروەها بە پێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنی لە حوکمی سزای ناوخۆدا، دەستبەسەر کردنی پێش دادگایی دەبێ لە ئەگەری پێویستدا وەک دوایین هەنگاو کەڵکی لێ وەرگیرێ. هەر لەم پێوەندییەدا یاسای مەدەنی و ناوخۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش فەرمانێکی لەم بارەوە لە مادە ٢٨٧ی یاسای داد گونجاندوە. بەم پێیە هەوڵی سەرەکی بۆ ئەسپاردنی منداڵ یا تازەلاوە بە دایک و باوک یا سەرپەرستی یاسایی و دەستبەسەر کردن لە کاتی لێپرسینەوە سەرەتاییەکان لە هەلومەرجێکی تەواو جیاواز و دەگمەندا ڕێگە پێدراوە.
پێشێلکردنی مافی پڕۆسەی لێپرسینەوەی تایبەت بە منداڵان تەنیا لە چوارچێوەی قۆناغی بەر لە دادگاییدا بەرتەسک نەبووەتە، بەڵکوو تەشەنەی کردووەتە سەر بابەتی دادگای ساڵح و پشکی ڕەچاوگیراو بۆ منداڵان و مێرمنداڵان لە ڕەوتی دادگاشدا.
ئەم ستانداردە داوەری و قەزاییانەی پشتیوانی لە منداڵان بریتین لە سنووردار کردنی دەستبەسەرکرانی مناڵ بەر لە لێپرسینەوە، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵە، قەدەغە کردنی گوشاری جەستەیی و دەروونی و دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاساناس و پارێزەری گونجاو لەگەڵ دۆخی منداڵ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەی ئاماژەی پێکراوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دادستانی گشتی ئوستان و بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی کوردستان بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئەم منداڵانە دەزانێ.