بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە جەریانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک بەشداربوویان بە ئامانجی بڵاوەپێکردنی شارۆمەندان و ڕێگریکردن لە بەردەوامیی گردبوونەوەکە دەستبەسەرکرد.
سەرچاوەکانی هانا ڕایانگەیاند، دەستبەسەر کراوەکان بەرەنگاری گواستنەوەی زۆرەملێیان بوونەتەوە، بەڵام دوای نزیکەی دوو بۆ سێ کاتژمێر هێزە ئەمنیەکان دەستبەسەریان کردوون و بۆ یەکێک له ناوەندە ئەمنیەکانی ئیلام ڕاگوێزراون .
ناوی ئەو دەستبەسەرکراوانە کە تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە ناسنامەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە بریتین لە:
ئەکبەر دەروێشی، عارف دەروێشی، محەمەد هەواسی، سپێهر ساڵحی، ئەمیر ڕەئوفی، ئیحسان مەلەکی، میلاد کیادی، فەرزاد شوکری، ئەبولفەزل شادفەر، و یەزدان بەختی.
شایانی باسە کە تا ئێستا زانیاری تەواو سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و باری جەستەیی ئەم کەسانە لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانی لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندان، داوای ڕوونکردنەوەی خێرای دۆخی دەستبەسەرکراوان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و ڕێزگرتنی تەواو لە مافە یاسایی و ئینسانیەکانیان بە پێی ئەرکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
