ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی ڕۆژی دووشەممە ۳۱ی خەرمانانی ۱٤۰٤، (۲۲ی سپتەمبری ۲۰۲٥) شارۆمەندێکی کورد بە ناوی فەرزاد بەرجەستە تەمەن ۲۲ ساڵ، کوڕی بایزید و خەڵکی ئاوایی ئیبراهیماوا سەر بە ناوچەی ئاڵاشینی بوکان، لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای چەندین کاژێر لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە ئەم شارۆمەندە کوردەیان دەستبەسەرکردووە و دواتر بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکان ڕیانگوێزاوە.
شایانی باسە لە کاتی لێپرسینەوەدا دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو ئەکاونتی ئینستگرامەکەی و دەستیان کردووە بە سووکایەتیکردن بە سەرکردەکانی کورد و هەروەها ناوەڕۆکی تەبلیغی بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەرچەندە ئەو ئێوارەیە فەرزاد خوجەستە ئازاد کراوە بەڵام تا ئێستا مۆبایلەکەی لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندایە و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست و سەپێنراو لەسەر ئەکاونتەکەی بەردەوامە.