دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی چوار شارۆمەندی کورد لە شارەکانی کودستان لە بارودۆخی قەیراناوی شەڕ

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە چوار شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی سۆران سوهرابی، مامە عەلی نژاد، ئاکام ئەبوبەکری و وەیسە محەمەدپور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشار دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزڕاون.

بە گوێرەی زانیاریە بەردەستەکان، لە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، وەیستە محەمەد پور و ئاکام ئەبوبەکری لە پیرانشار بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون. هەروەها سۆران سۆهرابی و مامە عەلی نژاد لە مەهاباد لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دەستبەسەر کراون. ڕاپۆرتەکان باس لە ڕاگوێزانی ئەم کەسانە بۆ گرتووخانە نافەرمییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان لە ورمێ دەکەن و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر دۆخی ئەوان یان دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەمانە نمونەی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ و هەروەها پێشێلکاری پابەندبوونەکانی کۆماری ئیسلامیە بە پێی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان بە تایبەتیش مادەی حەوت، نۆ و چواردە. ڕاگرتن لە گرتووخانەی شاراوەش مەترسی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە زیاد دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم دەستبەسەر کردنانە بە هێرشی ئاسمانی سەر ناوەندەکانی سەر بە دامودەزگا ئەمنییەکان نیگەرانییەکان لە سەر ئاسایشی گیانی دەستبەسەر کراوان زیادی کردووە، بە تایبەتیش کە بەشێک لە گرتووخانەکان کراونەتە ئامانج، لەم دۆخەدا کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراوانە و ناتوانێت ئەوان بخاتە بەردەم مەترسیەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕاگەیاندنی بەپەلەی شوێنی ڕاگیرانی ئەم کەسانە، گەرەنتی دەستڕاگەیشتنیان بە بنەماڵە و ڕاگوێزانیان بۆ شوێنە پارێزراو و یاساییەکان دەکات و جەخت لە سەر سەرنجی بەپەلەی دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بە دۆخی دەستبەسەرکراوان لە بارودۆخی قەیراناوی شەڕ دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین