دەستبەسەرکرانی دوو منداڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا کەوتووە؛ لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٤ هەتاوی، دوو منداڵ بە ناوەکانی “محەمەد پیری”، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری دێلوران و “محەمەد جەواد زەینیوەند”، تەمەن ١٤ ساڵ، خەڵکی شاری دەرەشار سەر بە ئوستانی ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ناڕوونیی باری یاسایی ئەو دوو منداڵە کوردە، ڕایدەگەیەنێت بەهۆی بارودۆخی هەستیارەوە، منداڵان هەمووکات بە ستانداردی پاراستنی تایبەت لە سیستەمی یاساییدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تەنانەت ئەگەر تاوانێکیشیان ئەنجام دابێت.
بە پێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ کە حکوومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و بە پشت بەستن بە مادەی نۆی یاسای مەدەنی لە یاسای ناوخۆ، دەستبەسەرکردن پێش دادگاییکردن دەبێ وەک دوایین ڕێگا و ئەگەر پێویست بکات، کەڵک وەربگیرێت. هەر لەم پێوەندییەدا، یاسا نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مادەی ٢٨٧ی یاسای ئیجرائاتی تاوانکاریشدا بابەتێکی لەو جۆرەیان خستۆتە ڕوو. هەر بەم پێیە ئەساسی ڕادەستکردنی منداڵ یان مێرمنداڵ بە دایک و باب یان سەرپەرشتیار قانوونییە و ڕاگرتنی لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا تەنیا لە ژێر بارودۆخی ناوازەدا گونجاوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین