دەرچوونی سزای سێدارە و ٦٠ ساڵ بەندکران بۆ حەوت شارۆمەندی کورد لە دادگای شۆڕشی مەهاباد

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا حەوت شارۆمەندی کوردی خەڵکی مەهاباد، بۆکان و میاندواو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئەحەد سیامی” سزای سێدارە و بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی ئاوایی”ترشەکان”ی سەر بە مەهاباد، بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.

هەروەها شەش شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی “یوسف و هێمن مام قادری خەڵکی شاری بۆکان، سالار بایزیدی ئازەر خەڵکی ئاوایی لەجی سەر بە مەهاباد، مەنسور کەربەلایی خەڵکی سەرچناری میاندواو حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەید رەحیمی خەڵکی گامێش گوڵی میاندواویش بە تۆمەتی “هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران”هەرکامەیان بە دە ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا دراون.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگایی کردنەکە بەبێ ڕچاوکردنی بنەماکانی دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە بەڕێوەچووە و بەڕێز عەبدوڵڵازادە ئەقدەم، بەبێ ئامادەبوونی لە دادگا، دادگایی کراوە.

ئەم شارۆمەندانە لە ڕۆژانی ٤ تا ٩ی پوشپەڕی ١٤٠١، بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکانیان ڕایانگەیاند کە ئەم شارۆمەندانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا بە مەبەستی وەرگیرانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و لە سەرجەم مافەکانیان بێبەش کراون.

شایانی باست سەرجەمی ئەم شارۆمەندانە دوای کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراون و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین