رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٩ی دیسامبری ٢٠٢٥) سۆهەیلا مەتاعی چالاکی مافی ژنان، خەڵکی دێولان، لە لایەن دادگای کەیفەری ئەم شارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام و بڵاو کردنەوەی بابەت لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران” بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعلیقی و شەش مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەک دەرچووە کە پەیوەندی بە دەستبەسەرکرانی ئەو دوای ئامادەبوونی لە ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانی ژن(٨ی مارس) هەیە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، لە جەریانی پێڕاگەیشتنی دادوەری ئیمکانی تۆمار کردنی ناڕەزایەتی یان داواکاری پێداچوونەوە بە سۆهەیلا مەتاعی نەدراوە و بەرپرسانی دادوەری ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری بەدواداچوون نەکردن، دۆسیەکە دۆسیەکە ڕاستەوخۆ بۆ جێبەجێ کران ڕەوانەی بەشی جێبەجێ کاری سزاکان دەکرێت.
سۆهەیلا مەتاعی پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسەیەکی تر، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگەی کەیفەری دووی شاری دێولان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی گروپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی” بە سێ مانگ بەندکرانی سەعزیری و سێ ساڵ بەندکرانی تەعلیقی سزا درابوو.
ناوبراو شەوی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکیەکان و ئامادەبوونی لە ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە دێولان دەستبەسەر کرا و دوای هەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، سۆهەیلا مەتاعی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر کراوە و پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” دوو جار دەستبەسەر کراوە و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی دێولانەوە بە گشتی ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە و دوای تێپەڕاندنی چەند مانگێک لە سزاکەی، لێبوردنی بۆ کرا و لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە بەردەوامیی گوشارە دادوەری و ئەمنییەکان لە دژی چالاکانی مافی ژنان، دەرکردنی حوکمی بەندکران، زەوتکردنی مافی بەرگری، و ڕەتکردنەوەی ئەگەری ناڕەزایەتی و تانەدان بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت.
