بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە : ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دیاکۆ یەزدانپەنا خەڵکی شاری بۆکان ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای دوو ساڵ زیندانی تەعزیری ، بۆ لقی جێبەجێ کاری سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان بانگ کراوە .
دیاکۆ یەزدانپەنا دوای بانگ کرانی بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنیەتی بۆکان دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە گرتنگەی ئەم دامەزراوە ئەمنیە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا بووە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی و ئەو وێنانەی بە دەستی هانا گەیشتووە ، ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەی دەبینرێت .
ناوبراو دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەر بوون لە پۆلیسی ئەمنیەت بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئاگاهی بۆکان ڕاگوێزرا و لەوێش سێ ڕۆژیتر بە تۆمەتی “هەڵاتن لە سەربازی” لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوو . دوای کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا و دواتر لە رێکەوتی ٣ی پوشپەڕی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو .
کۆبوونەوەی دادگایی ئەو لە رێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری بۆکان بەڕێوەچوو و ئەو بە تۆمەتی “بێڕێزی بە ڕێبەر و ئامادە نەبوونی لە خزمەتی سەربازی” بە دوو ساڵ و هەشت مانگ زیندانی تەعزیری سزا درابوو .