دیار پورچەهریق بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە تاران کوژرا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پشت بەستن بە داتای مەیدانی و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ناسنامەی قوربانییەکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی تاران پشتڕاست دەکاتەوە.

دیار پورچەهریق، تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی “چەهریق” و دانیشتووی گوندی “پتەویر”ی سەر بە پارێزگای سەڵماس، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی گەڕەکی پوونەکی تاران، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، دیار پورچەریق تازەگی ئۆتۆمبێلێکی کڕیبوو و بە مەبەستی دابینکردنی ژیان بە ڕێگەی گواستنەوەی خەڵک (مسافرکێشی) گەشتی بۆ تاران کردبو. لەکاتێکدا لە شوێنی ناڕەزایەتییەکەدا بوو، بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر هێزە ئەمنییەکان دروست بکات، تەقەی لێکرا و کوژرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی قووڵ بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەم قوربانییە، جەخت لەسەر پێویستی بەدواداچوونێکی سەربەخۆ و شەفاف و بێلایەنانە لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران و هەروەها لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئەو کەسانە دەکات کە فەرمانی ئەم کوشتنانەیان داوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین