بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : چالاکێکی مەدەنی کورد بە ناوی “فواد مورادی” خەڵکی ئاوایی “کێلەکەوو”ی دیواندەرە ، بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان و ڕاگیرانی لە بارودۆخی نەشیاودا توشی دڕانی دیسکی کەمەر بووە .
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئەو چەندین جار داوای ناردنی بۆ لای پزیشکی کردبوو بۆ چارەسەر ، بەڵام ئەو داواکاریانە جێبەجێ نەکرا ڕەزامەندی لە سەر نەدرا .
فواد مورادی سەرەتا بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ لە زیندانی “شەهرانفەر” لە شاری سنە و پاشان ١٠ ڕۆژ لە زیندانی دیواندەرە ڕاگیرا و دواجار بە دانانی بارمتە بە مۆڵەتی پزیشکی ئازاد کرا .
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای کرماشان نەشتەرگەری دیسکی کەمەری بۆ کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هانا کەوتووە ، دوای تەواوکردنی ماوەی چارەسەرکردنی دەرمانی ، بۆ تێپەڕاندنی سزای شەش مانگەکە زیندانەکەی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ زیندانی بیجاڕ .
شایانی باسە فواد مورادی یەکەمجار لە رێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، دەستبەسەر کرا و ماوەی مانگێک لە زیندان بوو ، دووهەم جاریش لە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ٣١ی پوشپەڕی هەمان ساڵ بە شێوەی کاتی مەرەخەسی دەرمانی پێدرا .