دوو بەندکراوی کورد لە ورمێ سزای سێدارە و بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا

هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو شارۆمەند بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە خەڵکی ورمێ و شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس، کە پێشتر سزای سێدارەکەیان لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە ڕەت کرابووەوە و بۆ دادگای هاوتا ڕەوانە کرابوو، دوای بەڕێوەچوونی دووبارەی دادگا لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ، سزای سێدارە و ١٠ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە لە ڕۆژانی ڕابردوو بۆ دەفتەری جێبەجێ کاری سزاکانی بەندیخانە بانگ کراون و سزاکانیان پێڕاگەیندراوە.

بە پێی سزاکان ناسر بەکرزادە جارێکیتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە و شاهین وەساف بە هەمان تۆمەت سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

کۆبوونەوەی دادگایی کرانی ئەم دوو بەندکراوەیە لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی قازی شاهینی بەڕێوەچوو.

شایانی باسە ناسر بەکرزادە لە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر و پاش چەند هەفتە بە نوسینی بەڵێننامە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا پاشان ئەو لە رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ ، دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا لە پادگانی ئەلمەهدی سوپای ورمێ ، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو، ئەو لە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە . ئەم حوکمە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرەکانی لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و دۆسیەکە ڕەوانەی لقی هاوتا کرا.

شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس ڕۆژی چوارشەممە “٣٠ خەرمانانی ١٤٠١” بێ پێدانی حوکمی دادگا لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و ماوەی چەندین مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدا بوو بۆ  دانپێدانانی زۆرەملێ و دواتر بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو لە رێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دابینکراو، سزای سێدارەی بە سەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە لاین دادگای باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و ڕەوانەی دادگای هاوتا کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین