دوورخرانەوەی سێ زیندانی سیاسی کورد بۆ زیندانەکانی کرمان ، مەشهەد و زاهیدان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤، سێ زیندانی سیاسی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی “وەحید چاوران ، ناسر رەزایی و محەمەدحوسێن حاسڵی” لە زیندانی ناوەندی ئیلامەوە بۆ زیندانەکانی زاهیدان ، کرمان و مەشهەد دوورخراونەتەوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ئەم سێ زیندانیە کوردە ، پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی هەرکامەیان بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری لە تەبعید ، سزا درابوون .

ئەم کەسانە لە هاوینی ١٤٠٢، بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستا بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دادگایی کرانێکی دادپەروەرانە ، لە زیندان ماونەتەوە .سزا دەرکراوەکان بۆ ئەم سێ زیندانیە لە لایەن دادگای کەیفەری یەکی ئیلام لە سەر بنەمای کۆمەڵێک تۆمەت وەکوو “تێکدانی نەزمی گشتی ، پیلانگێڕی و کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایش و نمایشی هێز بە چەک” بووە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ، ئەم سێ زیندانیە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا بوون بە تایبەت پێدانی دەرمانی دەماخ بە وەحید چاوران کە بووەتە هۆی تێکچوونی ڕەفتاری ئەو .ئەم سێ زیندانیە پێشتر لە ناڕەزایەتی بەرامبەر پڕۆسەی نادادپەروەرانەی دادگایی کرانیان مانیان لە خواردن گرت و لێوی خۆیان دوریبووەوە .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن ، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ، بێبەش کردنیان لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دوور خستنەوەی ئەم زیندانیانە بە پێشێلکاری ئاشکرا و ڕوونی مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ بە تایبەتی قەدەغەی ئەشکەنجە ، مافی دادگایی کرانی دادپەروەرانە و کەرامەتی مرۆیی دەزانێت .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین