درێژ کرانەوەی بڕیاری دەستبەسەری یاسر ئەدوایی زیندانی سیاسی پێشوو لە هەورامان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بڕیاری دەستبەسەری یاسر ئەدوایی، زیندانی سیاسی پێشوو خەڵکی ئاوایی سێلینی سەر بە هەورامان، بۆ ماوەی مانگێکیتر درێژ کراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، دوای بانگ کرانی بۆ ستاد خەبەری ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم چالاکی سیاسیە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعای مەریوان ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. ئەو لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیاری دەستبەسەریەکەی بۆ ماوەی مانگێک درێژ کراوەتەوە.

شایانی باسە یاسر ئەدوایی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە پاییزی هەمان ساڵدا لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە بە تۆمەتی “پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حزبی پژاک، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرا و ئەم سزایە لە دادگای تێهەڵچوونەوە بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.ئەو لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکەی ئازاد کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین