رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی لە دوای گوشاری مانگرتنی کۆمەڵێک لە بەندکراوان لە واحدەکانی ٢ و ٣ی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە ناڕەزایەتی بەرامبەر دەچوون و جێبەجێ کرانی سزای سێدارە، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی فەرمی هەوڵیداوە بە ناساندنی بەندکراوێک لە ژێر ناوی “ڕێبەری مانگرتن” بایەخ و ناوەرۆکی مەدەنی ئەم کارە ناڕەزایەتیە بخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕوخساری ناڕازیان ناشیرین بکات.
هانا زانیویەتی ناوی بەندکراوێکی کورد بە ناسنامەی “رامین حەسەنزادە ئیمام قولی” خەڵکی قوچانی سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە ڕاگەیندراوە فەرمیەکەی دەزگای قەزایی بڵاو کراوەتەوە و ئەو وەک “مەحکوم بە ئێعدام لە دۆسیەی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر” و “ڕێبەری مانگرتن لە خواردنی ئەم دواییانە” ناسێندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆ لەگەڵ هانا زیادی کرد، بڵاو کردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە کارێکی هەڕەشەئامێزە لە دژی گیانی ئەم بەندکراوەیە و دەتوانێت بە ئامانجی دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە نێوان باقی بەندکراوانی ناڕازی ئەنجام درابێت.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، ئەم کارە لە بارودۆخێکدا ئەنجامدراوە کە دوای حەوت ڕۆژ مانگرتنی بە کۆمەڵ، بەرپرسانی قەزایی لە گفتوگۆ لەگەڵ بەندکراوان بەڵێنیان دابوو کە جێبەجێ کرانی سزای سێدارە تا کاتی پێداچوونەوە لە سەر بەشێک لە مادە یاساییەکان بە شێوەی کاتی ڕادەگیرێت.
بەڵام هەنگاوەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتی دادوەری و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی فەرمی نوێ دەریدەخەن کە ئەم دامەزراوەیە خۆی لە ڕێبازی دیالۆگ و لێپرسینەوە دوور خستووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ ڕێبازی ئەمنیەتی و تۆڵەسەندنەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی لە ئاست دۆخی جەستەیی و ئەمنییەتی بەندکراوانی ناڕازی بە تایبەتی رامین حەسەنزادە ئیمام قولی، داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکات بە وردی چاوەدێری پڕۆسەی گۆڕانکاریەکان لە بەندیخانەی قزڵحسار بکەن و بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکاری زیاتری مافی بەندکراوان گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
