بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، دایە مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی #ژن_ژیان_ئازادی لە لایەن دادگای کەیفەری دووی شاری بۆکان بە هەشت مانگ بەندکران و یەک ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی سزا دراوە .
سزاکە بەبێ ئامادە بوونی خۆیی و بێ ئاگاداری پارێزەرەکەی ، بۆیی خوێندراوەتەوە .شایانی باسە دایە مینا پێشتر لە خەرمانانی ١٤٠٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر و دوای ٢١ ڕۆژ لێپرسینەوە و گوشار بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .
تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ئەو “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام و ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتیەکان بەبێ حیجابی شەرعی” ڕاگەینراوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دۆسیەی سزادانی دایە مینادا ، تۆمەتبار هیچ کام لە مافە سەرەتاییەکانی پێڕاگەیشتنێکی کەیفەری نەبووە . بەرپرسانی دادوەری بە لایەنی لێکۆڵینەوە و دادگای دادگاییکردنەوە ، تەنیا ئەرکی نووسینی داواکاریی تیمی لێپرسینەوە و دەسەڵاتی ئەمنییان لە ئەستۆ بووە .
هانا وێڕای ئیدانەکردنی حوکمێکی وەها نادادپەروەرانە ئەو حوکمە تەنیا بە خواستی دامەزراوە ئەمنییەکان بە مەبەستی دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە دژی بنەماڵەی دادخوازان دەزانێت .
دادخوازی نەک هەر تاوان نییە بەڵکو تەنانەت بە پێی بەشی سێیەمی دەستوری کۆماری ئیسلامی کە بە “مافی نەتەوە” ناسراوە، بە یەکێک لە مافەکانی هەر شارۆمەندێک دادەنرێت .