دابین نەکرانی چاوەدێری پزیشکی بۆ دلێر سەلیمی لە گرتووخانەی ئەمنییەتی شەهرامفەری سنە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە دلێر سەلیمی، شارۆمەندی تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی عەبدوڵرەحمان و دانیشتووی شاری سەقز، لە گرتووخانەی شەهرامفەر لە شاری سنە لە دۆخێکی یاسایی نادیار و ناڕووندا ڕاگیراوە.

ناوبراو تووشی نەخۆشی گورچیلەی هەیە بەڵام سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەستەیی، تا ئێستا هیچ چاودێرییەکی پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەکەوە بۆیی دابین نەکراوە و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری بۆ بنەماڵەکەی دروستکردووە.

هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٦٨ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دلێر سەلیمی، لە سەرجەم مافە سەرەتاییەکانی تۆمەتبارێک لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش کراوە.

ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکرانی نایاساییدا تەنها چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەک خولەکی بووە کە ئەوەش لە ئەنجامی سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەیەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکان بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و بەرپرسانی ئەمنی لێدوانی ناڕوون و نابەرپرسانەیان داوە و ڕایانگەیاندووە کە پێویستە “چاوەڕوانی وەڵامی دۆسیەکە لە تارانەوە بن”.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە پێشتر بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاندبوو، دلێر سەلیمی لە ڕێکەوتی ۱۰ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ دەگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی گشتی، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک لەو بارەیەوە نەگیراوەتەبەر و تا ئێستا ئەو بنەماڵەیە لە بێئاگاییەکی تەواودا ماون.

بەردەوامی ناڕوونی باری یاسایی و خراپی باری تەندروستی ئەو نیگەرانییەکی زۆری بۆ بنەماڵەکەی و بەتایبەت کوڕەکەی دروستکردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی دلێر سەلیمی، داواکاری گشتی سنە و فەرماندەی سپای قودسی کوردستان بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی پاراستنی ژیان و تەندروستی دلێر سەلیمی دەزانێت.

هانا ڕایدەگەینێت کە گرتنگەی ئەمنی  شەهرامفەرێ سەر بە ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی کوردستان، تەنانەت لە لیستی گرتووخانە فەرمییەکان و بەندیخانەکانی ڕێکخراوی بەندیخانەکاندا تۆمار نەکراوە، ئەمەش نیگەرانی لە چارەنووسی ئەوی لێدەکەوێتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هانا لێکۆلەرە ئەمنییەکان لە گرتووخانەی شەهرامفەر بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەشکەنجەدان لە دژی چالاکوانان و تۆمەتبارانی سیاسی  بەکاردەهێنن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین