بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: پوریا نەسیری،خوێندکاری قۆناخی لیسانس لە بەشی یاسا لە زانکۆی ئازادی مەهاباد، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سێ مانگ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا دراوە.
بە پێی زانیاری سەرچاوەکانی هانا: دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سەر ئەم خوێندکارە کوردە لە مانگی گەلاێژی ١٤٠٤، لە لقی مەهابادی دادگای شۆڕشی مەهاباد بەڕێوەچوو و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” دادگایی کراوە.
پوریا نەسیری پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بە بێ فەرمانی دادگا، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، لە ڕێکەوتی ١٧ی پوشپەڕی ١٤٠٤ لە زیندانی مەهاباد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەروەها پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەیەک لە گرتنگە ئەمنییەکان ڕاگیرابوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر چەندین جار نیگەرانیی خۆی لە پڕۆسەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی چالاکوانان و خوێندکارانی کورد بە تۆمەتی ئەمنیەتی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکانی شارۆمەندانە.